اوڵاتی
دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گەشەپێدان، راپۆرتێكی له بارهی وهرگرتنی مووچهی نایاسایی لهلایهن پهرلهمانتارانی كوردستان بڵاوكردهوه و رایگهیاند، پهرلهمانتارانی كوردستان 30 ملیۆن دینار مووچه بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و 265 ملیۆن و 500 هەزار دینار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گەشەپێدان، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن.
راپۆرتهكهی دامهزراوهی پهى رایگەیاند، ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا تێدەپەڕێت، كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستووری داناو لە ئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشیخستۆتەڕوو، "بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن".
دهشڵێت، "پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا". دهشڵێت: "هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!".
دهقی راپۆرتهكهی دامهزراوهی ئینستتیوتی پەی:
ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادیدا تێدەپەڕێت كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستوری داناو لەئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن.
یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان یاسادانانە، ئەو یاسایانەی دایدەنێت هاووڵاتییان و دامودەزگاكانی تری وڵات مولزەم دەكات جێبەجێی بكەن، لەهەمان كاتدا ئەركێكی تری چاودێری كردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەوەی تا چەند پەیوەستبوونە بەیاساوە یا پێشێلكاریان كردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات.
بەڵام بەداخەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوەو زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویان كردووە، دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یا بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا، دەتوانین لەم خاڵانەدا چڕیان بكەینەوە:
یەكەم: وەرگرتنی مووچە بە شێوەی نایاسایی: دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی ئیتیحادی لە (6/11/2022)ەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبوو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاریان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە 30 ملیۆن دیناریان بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە 4.265.500.000 چوار ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، لەو كاتەدا چەندین یادداشتمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی تر نارد، بەڵام بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردوەتەوەو بەڵێنی ئاڵ و واڵا بە هاووڵاتییان دەدەن گوایە ئەو مووچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لەكاتێكدا خۆیان بەنایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان مووچەیەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتیان نەگێڕایەوە.
دووەم: یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی گێڕانەوەی مووچە نایاساییەكاندا كە بە پەرلەمانتاران درابوو، پێیانوابوو چونكە مووچەكە دابەشكراوە وەرگرتنەوەی ئاسان نیە، ئێمە پێشنیازی ئەوەمان بۆ كردن كە لەساتی خانەنشینبوونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت رابگیرێت و بڕی ئەوپارەیان لێ بگێڕنەوە، پێیان باش بوو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێرایەوە ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە.
سێیەم: لە دوای بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادییەوە هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسلەتی یاساییان نەماوەو هەر بۆیەش دەبوایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان رابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوققەو خانووەكانی پەرلەمانیان چۆل نەكردووەو بەكاری دەهێنن.
چوارەم: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواو بوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆل نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکار دەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی رادەست کردەوە بەڵام هێشتا ڤێللاکانی رادەست نەکردۆتەوە)، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی رادەست نەکردوەتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوەو لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە!
پێنجەم: پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوەو ئەنجوەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن! پەندێكی كوردی هەیە دەلێت "ئەگەر خەڵك شێت بن دەچن بۆسەر ئۆمەرمەندان، بەڵام ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو بچێت بۆ كوێ؟"، پەرلەمانیش لە بری ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی زۆرترین یاساشكێنی كردووەو لەسەریشی بەردەوامە! حكومەت لەبری ئەوەی خاوەنی ئەو پەیامەبێت كە هەڵی گرتووەو باسی چاكسازی دەكات، كەچی رێخۆشكەر و هاوكار و جێبەجێكارە لەم دۆسیانەی بەشێوازی گەندەڵی بەڕێوەدەچن.
لێرەدا پرسیارێك رووبەڕووی سەرۆكی حكومەت دەبێتەوە كە هەمیشە وتوویەتی كابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازییە! دەكرێت پێمان بڵێت ئەو هەموو گەندەڵی و لەیاسادەرچوون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟ دەكرێت جێگری سەرۆكی حكومەت پێمان بڵێ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی كردیان و دەیكەن لەگەڵ كام بەڵێن و كام بڕگەی بانگەشەی ساتی هەڵبژاردنەكانیدا دێتەوە؟ دەكرێت وەزیری دارایی پێمان بڵێت ئەو كارەنایاسایی و رێخۆشكردنانەی بۆ گەندەڵی لەگەڵ كام لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكەی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا وێك دێنەوە؟ هەموو ئەو كارانەی دەكرێن نایاسایین و هیچ كەس و دامەزراوەیەكیش نیە لێپێچینەوەو رێگرییان لێ بكات، لەچەند مانگی رابردوودا دامەزراوەی پەی بەفەرمی چەندین یادداشتی لەبارەی هەریەك لەم دۆسیانە پێشكەشی دامەزراوەكانی (دیوانی چاودێری دارایی) و (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی) كردووە ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام ئەم دامەزراوانە لەبری ئەوەی ئیجرائاتی پێویست بكەن و رێگربن لێیان، بەداخەوە هیچ كامیان لەئاست ئەو ئیلتیزامە یاسایی و مۆڕالییەدا نەبوون كە سوێندیان لەسەری خواردبوو و بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان، هەر بۆیەش هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد و متەقیان لێوە نەهات! رەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێ موچەیی بەرۆكی گرتووە، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەگەڵ دەوروبەر و بەغدا هەیە، موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا نادرێت و دەیان موچەیان پاشەكەوت كراوە، بوونی ناعەدالەتی و یاساشكێنی و گەندەڵیش لەولاوە بووەستێ، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لەبەردەمدایە، ئاخۆ ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە چی دەگوزەرا؟ هەرچەندە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكیش دواخرا، بەڵام خۆ هەر دەبێت بكرێت، هەموو ئەمانە هاوڵاتیان توڕەتر دەكەن، لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان پێویستە هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆدابچنەوەو رێز لە یاسا بگرن.
بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی نادیاری مەترسیدار چاوەڕێی خۆیان و هەرێمەكەمان دەكات.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 30/5/2024
لینكی هەواڵ:
https://hawlati.co/page_detail?smart-id=34426