دامەزراوەی پەی ڕایدەگەیەنێت، “خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوە و زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەوییان كردووە، دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یا بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
ئەمڕۆ ٣ی ئایاری ٢٠٢٤، کە ساڵێک بەسەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تێپەڕ دەبێت، کە درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بەنادەستووری لەقەڵەم دا، دامەزراوەکە، چەند کاری نایاسایی و پێشێلکاریی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی ڕوونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵییەوە، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتووە، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە (30) ملیۆن دیناریان بە زیادە و بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و ٢٦٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی بۆ گێڕانەوەی ئەو مووچانەی بە نایاسایی بە پەرلەمانتاران دراوە، ئەوە بووە کە گێڕانەوەی مووچەکە ئاسان نییە، لەو ڕوانگەیەوە پێشتر دامەزراوەی پەی پێشنیازی کردووە، لەکاتی خانەنشینبووندا، ئەو ئیکرامییەی بڕیارە بە پەرلەمانتاران بدرێت، ڕابگیرێت و بڕی ئەو پارەیەی لێ بگێڕدرێتەوە کە بە نایاسایی وەریانگرتووە، بەڵام وەک دامەزراوەکە دەڵێ: “دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێڕایەوە، ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی (52) ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دامەزراوەی پەی، باسی لەوە کردووە، کە لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە، هیچ کام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسڵەتی یاساییان نەماوە و هەر بۆیەش دەبووایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان ڕابگیرێت، بەڵام تا ئێستاش زۆرینەیان شووقە و خانووەكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكردووە و بەكاری دەهێنن.
دامەزراوەکە ڕوونی دەکاتەوە، ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دوای تەواوبوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان ڕادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیان بەکاردەهێنا و زیاتر دەڵێ: “لەم هەفتەیەدا سکرتێری پەرلەمان ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی ڕادەست کردەوە، بەڵام هێشتا ڤێللاکانی ڕادەست نەکردووەتەوە، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاش هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی ڕادەست نەکردووەتەوە”.
دامەزراوەکە ئاشکرای کردووە: “تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی، نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی ڕابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوە و لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دامەزراوەکەی پەی:
سەرۆكایەتی و ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
لەنێوان بەجێگەیاندنی ئەرك و دەستگرتن بە ئیمتیازاتەوە
ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادیدا تێدەپەڕێت كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستوری دانا و لەئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبووایە ئەزموونی لێ وەربگرن.
یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان یاسادانانە، ئەو یاسایانەی دایدەنێت هاووڵاتییان و دامودەزگاكانی تری وڵات مولزەم دەكات جێبەجێی بكەن، لەهەمان كاتدا ئەركێكی تری چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەوەی تا چەند پەیوەستبوونە بەیاساوە یا پێشێلكارییان كردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات. بەڵام بەداخەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوە و زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەوییان كردووە، دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یا بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا، دەتوانین لەم خاڵانەدا چڕیان بكەینەوە:
یەكەم: وەرگرتنی مووچە بە شێوەی نایاسایی: دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی ئیتیحادی لە (6/11/2022)ەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبوو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە (30) ملیۆن دیناریان بە زیادە و بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و ٢٦٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار، لەو كاتەدا چەندین یادداشتمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی تر نارد، بەڵام بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردووەتەوە و بەڵینی ئاڵ و واڵا بە هاووڵاتییان دەدەن گوایە ئەو مووچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لەكاتێكدا خۆیان بەنایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان مووچەیەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتیان نەگێڕایەوە.
دووەم: یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی گێڕانەوەی مووچە نایاساییەكان بوو كە بە پەرلەمانتاران درابوو، پێیانوابوو چونكە مووچەكە دابەشكراوە وەرگرتنەوەی ئاسان نییە، ئێمە پێشنیازی ئەوەمان بۆ كردن كە لەساتی خانەنشینبوونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت ڕابگیرێت و بڕی ئەو پارەیان لێ بگێڕنەوە، پێیان باش بوو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێڕایەوە، ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی (52) ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە.
سێیەم: لە دوای بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادییەوە هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسڵەتی یاساییان نەماوە و هەر بۆیەش دەبووایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان ڕابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شووقە و خانووەكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكردووە و بەكاری دەهێنن.
چوارەم: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواوبوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان ڕادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکاردەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی ڕادەست کردەوە، بەڵام هێشتا ڤێللاکانی ڕادەست نەکردووەتەوە)، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی ڕادەست نەکردووەتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی ڕابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوە و لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە!
پێنجەم: پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنیا سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە ڕاپۆرتێكدا ڕای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوە و لەوبارەیەوە نووسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پڕۆسەكە ڕابگیرێت، كەچی ئێستا جارێكی تر نووسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!
پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت “ئەگەر خەڵك شێت بن دەچن بۆسەر ئۆمەرمەندان، بەڵام ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو بچێت بۆ كوێ؟”، پەرلەمانیش لە بری ئەوەی ڕێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی زۆرترین یاساشكێنی كردووە و لەسەریشی بەردەوامە! حكوومەت لەبری ئەوەی خاوەنی ئەو پەیامەبێت كە هەڵیگرتووە و باسی چاكسازی دەكات، كەچی ڕێخۆشكەر و هاوكار و جێبەجێكارە لەم دۆسییانەی بەشێوازی گەندەڵی بەڕێوەدەچن. لێرەدا پرسیارێك ڕووبەڕووی سەرۆكی حكوومەت دەبێتەوە كە هەمیشە گوتوویەتی كابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازییە! دەكرێت پێمان بڵێت ئەو هەموو گەندەڵی و لەیاسادەرچوون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟ دەكرێت جێگری سەرۆكی حكوومەت پێمان بڵێ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی كردیان و دەیكەن لەگەڵ كام بەڵێن و كام بڕگەی بانگەشەی ساتی هەڵبژاردنەكانیدا دێتەوە؟ دەكرێت وەزیری دارایی پێمان بڵێت ئەو كارە نایاسایی و ڕێخۆشكردنانەی بۆ گەندەڵی لەگەڵ كام لە پڕەنسیپەكانی بزووتنەوەكەی (بزووتنەوەی گۆڕان)دا وێك دێنەوە؟
هەموو ئەو كارانەی دەكرێن نایاسایین و هیچ كەس و دامەزراوەیەكیش نییە لێپێچینەوە و ڕێگرییان لێ بكات، لەچەند مانگی ڕابردوودا دامەزراوەی پەی بەفەرمی چەندین یادداشتی لەبارەی هەریەك لەم دۆسیانە پێشكەشی دامەزراوەكانی (دیوانی چاودێری دارایی) و (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی) كردووە ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام ئەم دامەزراوانە لەبری ئەوەی ئیجرائاتی پێویست بكەن و ڕێگربن لێیان، بەداخەوە هیچ كامیان لەئاست ئەو ئیلتیزامە یاسایی و مۆڕاڵییەدا نەبوون كە سوێندیان لەسەری خواردبوو و بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان، هەر بۆیەش هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد و متەقیان لێوە نەهات!
ڕەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێمووچەیی بەرۆكی گرتووە، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەگەڵ دەوروبەر و بەغدا هەیە، مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا نادرێت و دەیان مووچەیان پاشەكەوت كراوە، بوونی ناعەدالەتی و یاساشكێنی و گەندەڵیش لەولاوە بوەستێت، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لەبەردەمدایە، ئاخۆ ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە چی دەگوزەرا؟ هەرچەندە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكیش دواخرا، بەڵام خۆ هەر دەبێت بكرێت، هەموو ئەمانە هاووڵاتییان توڕەتر دەكەن، لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان پێویستە هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆدابچنەوە و ڕێز لە یاسا بگرن. بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی نادیاری مەترسیدار چاوەڕێی خۆیان و هەرێمەكەمان دەكات.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤
لینكی هەواڵ:
https://zedpress.krd/news/11833/